Archive for ژانویه, 2010

شانازی!

ژانویه 31st, 2010

یه‌که‌م: “کاندینسکی” له ده‌سپێکی کتێبی ” مه‌عنه‌وییه‌ت‌ له هونه‌ردا” باس له‌وه ئه‌کات که هه‌ر به‌رهه‌مێکی هونه‌ری له دایک‌بووی زه‌مانی خۆیه‌تی و له زۆرێ له کاته‌کانیشدا هه‌ڵقوڵاوی هه‌ستی خاوه‌نه‌که‌یه‌تی، بۆیه هه‌ر خولێکی فه‌رهه‌نگی هونه‌ری تایبه‌ت به خۆی ئه‌خولقێنێت که دووپات‌‌کردنه‌وه‌ی مه‌‌حاڵه! دیسان‌به‌رهه‌م‌هێنانیشی له باش‌‌ترین جۆری‌دا ته‌نیا هونه‌رێکی مردووی بێ‌ڕۆحه و هیچ…!

دووهه‌م: له‌م “ناکوجائاوا”یه که من ئه‌ژیم، به هۆی قه‌یرانی بێ‌هێزی له به‌رهه‌م‌هێنان له هه‌موو جۆرێکی – هونه‌ری، زانستی و … – خه‌ڵکه‌ سه‌رلێ‌شێواوه‌که‌ی ته‌نیا شانازی به رابردووه‌وه‌ ئه‌که‌ن و ئه‌و شۆڕه‌‌ژن و سوارچاکه‌پیاوانه که ئیتر له دایک نابن! رابردوویه‌ک که له باش‌ترین حاڵی‌دا – بۆ وێنه – باس له فڵانه که‌س ئه‌که‌ن که مه‌سه‌له‌ن “مه‌لا”یه‌کی باش بووه! خوا بیبڕێت! له خۆزگاوی‌ترین جۆری‌دا، جیاوازیی نێوان دوو مه‌لا که ته‌نیا قسه‌ی سه‌دان‌ساڵه‌نه‌گۆڕدراوی مه‌لایانه هه‌زارپات ئه‌که‌نه‌وه، بێجگه له ره‌وانی له وتن‌دا، ئاخۆ چی بێت!؟

سێهه‌م: ئێره بخوێننه‌وه! داده‌کافیه قه‌ڵه‌مێکی ره‌وان و ره‌فتارێکی تایبه‌تی و پێشینه‌یه‌کی سیخناخ له کۆتری هه‌یه!

Posted in ره‌خنه | Comments (0)

گۆرانی!

ژانویه 11th, 2010

له کاتێکه‌وه کێ‌به‌رکێی خۆڕووت‌کردنه‌وه و پشته‌سک‌بادان و … له ناو مه‌سه‌له‌ن گۆڕانی‌بێژاندا! باو بووه، هه‌ر ماتڵم بزانم ئاخری چییان ئه‌وێ؟! تا که‌ی ئه‌ماننێن به سه‌ر کاره‌وه؟! ئه‌م داواکارییه‌م له یه‌کێک له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌یه! – له جێگه‌خاڵییه‌کاندا مافی ئه‌وه‌تان هه‌یه هه‌ر چی دانێن! )

ئه‌وه‌ی پێی خۆشـه رووتۆ بێ، با فـــــه‌رمێ!

پێمان بڵێ … ئـه‌وێ؟! بێ‌شــــــــــه‌رمــــێ!

داده‌ “هانی”مانووت کردین، چیــــــت ئه‌وێ؟

زۆرت پــێ بــێ: هه‌ر … ه و دوو هـــه‌رمـێ!

Posted in تێکه‌ڵ | Comments (3)

کا “عه‌لی” !

ژانویه 7th, 2010

ساڵه‌هایه له سه‌ر رێگه‌ی مه‌ریوان – سنه و له نزیک “کانی جنۆکه‌”ه‌وه تا قاوه‌خانه‌که‌ی “به‌قوڕوو” پیاوێک ئه‌بینم که له شه‌و و رۆژ، باران و به‌فر و هاوین خه‌ریکی جه‌م کردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ردانه‌یه که له سه‌ر کێوی به‌رداوی ئه‌و ناوچه‌وه رژاونه‌ته سه‌ر رێگه‌که و هه‌ر کات مه‌ترسیی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی ئوتومۆبیلکه‌کان به هۆی پێکدادانیان به‌و به‌ردانه‌وه هه‌یه! دوێنی له کاتی گه‌ڕانه‌وه‌م له “سنه‌” ه‌وه بۆ “مه‌ریوان” چاوم پێکه‌وت! لام‌دا و چه‌ند قسه‌یه‌کمان به یه‌که‌وه کرد! ناوی ” عه‌لی ” یه و خه‌ڵکی ئاوایی “به‌قوڕوو”ه‌! به قسه‌ی خۆی ماوه‌ی چل ساڵه‌ خه‌ریکی ئه‌م کاره‌یه! به‌یناوبه‌ین ئه‌و شۆفیرانه که ئه‌یناسن له لای‌دا لائه‌ده‌ن و پووڵێکیشی پێئه‌ده‌ن! “کاعه‌لی” یه‌کێک له پێناسه‌کانی رێگه‌ی مه‌ریوان – سنه‌یه! که مناڵ بووم له کتێبی “فارسی” سه‌ره‌تایی‌دا وانه‌یه‌کمان ئه‌خوێنده‌وه که باسی “ریزعه‌لی” ئه‌کرد! پیاوێک که به فیداکاری خۆی به‌رگری له پێکدادانی قه‌تارێکی کردبوو و گیانی زۆر که‌سی له مردن رزگار کردبوو! کاره‌که‌ی ئه‌و و “کاعه‌لی” له ناوه‌رۆک‌دا هه‌ر یه‌کێکن! به‌ڵام “کاعه‌لی”یه‌کان که‌سێکیان نییه که له کتێبه‌کاندا باسیان بکات!

                                           

Posted in تێکه‌ڵ | Comments (0)

دوکتور “عه‌تا”

ژانویه 2nd, 2010

یه‌که‌م: له شوێنێک که من ئه‌ژیم، باشی و خراپی، خۆشی و ناخۆشی و … پیشه‌یه‌ک ته‌نیا له رووی رێژه‌ی ده‌رامه‌ده‌وه هه‌ڵئه‌سه‌نگێنن. بۆیه پزیشک و له‌م چه‌شنانه که دووکانی‌باشتریان هه‌یه به‌رچاوتر و خاوه‌ن رێزی‌پیشه‌یی- لانی که‌م له رواڵه‌ت‌دا- زۆرترن!
دووهه‌م: یه‌کێک له سه‌رچاوه‌کانی وه‌هم و گومانی خۆ به زل‌زانین و جیاوازی له گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا، رێزێکه که زۆرتر له به‌ها و قیمه‌تی راسته‌قینه له مرۆڤ ئه‌گیرێت! بۆیه ئه‌وانه‌ی زۆرتر له قیمه‌تیان زلیان ئه‌که‌ن، خۆیان زۆر له‌وه‌ی که هه‌ن، فره‌تر ته‌حوێڵ ئه‌گرن و …
سێهه‌م: به‌م هه‌مووه باسه‌وه به داخه‌وه بڕوای جه‌ماوه‌ر به پزیشکانی به‌ڕێز رۆژ به رۆژ دێته‌خواره‌وه و هۆکاری ئه‌میشه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌توانین له دۆزینه‌‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی نه‌خۆشیی خه‌ڵک و لاوازیی ئاستی زانستی ئه‌م چینه. له بیرم ناچێت قسه‌ی کابرایه‌کی “سه‌وڵاوا”یی که پاش چه‌ند ساڵ ئاماده‌بوونی پزیشکێک له‌و شاره‌دا ته‌ڵاقی خواردبوو که ئه‌و پزیشکه تا ئێسته سه‌رماخواردنێکی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه!
چواره‌م: دوکتور “عه‌تا” یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که چون خۆی له خۆیدا خاوه‌ن رێزه و له کاری خۆی‌دا(دیان‌پزیشکی) شاره‌زا و باسه‌واده و له زانکۆیه‌کی دایک و باش‌دا وانه‌ی خۆی فێر بووه و پێویستی به رێزی بێ‌هۆ نییه، ئابڕووی پیشه‌ی خۆیه و هه‌موو ساتێ به روویه‌کی کراوه و ره‌فتارێکی جوانه‌وه پێشوازی له نه‌خۆشه‌کانی ئه‌کات! قسه‌خۆشی و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی پزیشک، کارلێگه‌ری باشیان هه‌‌یه له چاره‌سه‌ریی ده‌رد و نه‌خۆشیدا که له کاکه‌ “عه‌تا”دا به زۆری ئه‌بینرێت! زۆرتر له هه‌موو شتێکیش ره‌فتارێکی کوردانه‌ی لێ ئه‌بینرێت که هۆی نزیکیی نه‌خۆش و ئه‌وانه…!
په‌راوێز: ئه‌کرێت ئه‌وانه‌ی وا جه‌‌ماوه‌ر رێزی پێ‌به‌خشیون، به ده‌رکی ئه‌م نیعمه‌ته، کاریگه‌ر بن له چاره‌سه‌ریی به‌شێک له گرفته‌کانی کۆمه‌ڵگادا. هه‌ر چه‌ند به داخه‌وه ئێستا پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه به دی‌ئه‌کرێت

Posted in تێکه‌ڵ | Comments (0)