Archive for ژوئن, 2010

خۆزگه‌م به پشیله‌کانی “ژێرمه‌ن”!

ژوئن 28th, 2010

1-     زۆر نیم به شوێن فووتباڵه‌وه! شتێک که له “جامی جیهانی” ئه‌مساڵدا به‌رچاوبوو، گه‌مه‌کردنی که‌سانێکی بیانی له تیمی نه‌ته‌وه‌یی زۆرێک له وڵاتانی به‌شداری ئه‌م جامه‌دابوو! ره‌ش‌پێست له تیمی ” ئه‌مێریکا” که تا ساڵانێک پێش ئێستا مافی سواربوونی باسیان نه‌بوو! یان له تیمی “ژێرمه‌ن”ه‌کاندا که به ره‌گه‌ز‌په‌ره‌ستی ناسراون، بوونی تورک و موسوڵمان و ره‌ش‌پێست به‌رچاوه بوو و له زۆر تیمی‌تریش‌دا ئه‌مانه به‌رچاو ئه‌که‌وتن! ئه‌شێ ده‌رک و فامی ئه‌و نه‌ته‌وانه چه‌نده له ئاستێکی ئینسانی و به‌رزدابێت که وه‌ها به ئاسانی تێکه‌ڵ به هه‌موو که‌سێک ئه‌بن؟

2-     من له مه‌ریوان‌دا ئه‌ژیم! هه‌ر لێره له دایک بووم! له کاتێکه‌وه ئه‌م شاره په‌نجا ماڵ بووه هه‌ر لێره ژییاوین! ئێسته خۆزگه ئه‌خوازم به بۆقله‌کانی ” ئه‌مێریکا”، به پشیله‌کانی “ژێرمه‌ن”، به که‌ڵه‌شێره‌کانی “فه‌ره‌نسا”، به دار و به‌ردی وڵاتێک که جیاوازیی نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی تاوان نییه… با له داهاتوودا مناڵ و مناڵه‌زاکانم بزانن که باوه‌گه‌وه‌ره‌یان ئاواتی به چی خواستووه و ئیتر واز له‌و قسه قۆڕانه بێنن که باوه‌گه‌وره‌کانمان عورزه‌یان نه‌بوو میراتێکی به‌که‌ڵک‌هاتوومان بۆ به جێ بێڵن؟!

Posted in خۆمانه | Comments (4)

خه‌ته‌نه‌ی کچان له کوردستان!

ژوئن 17th, 2010

دوێ‌شه‌و بی‌بی‌سی راپۆرتێکی له سه‌ر خه‌ته‌نه‌ی کچان له کوردستان بڵاو کرده‌وه! به دڵنیاییه‌وه تا ده ساڵ پێش‌ئێستا له به‌شێک له ناوچه‌ی هه‌ورامان‌دا – هه‌ورامانی لهۆن و به تایبه‌ت دێهاته‌کانی که‌یمنه و بێرواس و هانه‌گه‌رمڵه که ته‌واوی کچان خه‌ته‌نه ئه‌کران- ئه‌م کاره‌ساته رووی ئه‌دا! ساڵانێک پێش ئێستا کاتێک زانیم که چه‌ند خوێندکاری خۆمان تووشی ئه‌م رووداوه بوون به ته‌واوی دڵنیگه‌ران بووم و ترسم زۆرتر له ئاگاداری دراوسێکانمان بوو له‌م ئابڕوو چوونه! ئه‌وه که له گوڵ که‌متر به خۆمان قه‌بووڵ ناکه‌ین به‌ڵام هێشتا له به‌ڕبه‌ڕییه‌تدا ئه‌ژین! ئه‌وه که کچه‌کانمان خه‌ته‌نه ئه‌که‌ین! به‌ڵام له دوێ‌شه‌وه‌وه زۆر پرسیار و به‌دووداچوونی وردم کردووه و دڵنیا بووم که لانی‌که‌م له‌م ناوچانه‌دا که ناوم بردن، ئه‌م کرده‌وه به ته‌واوی بن‌بڕ بووه و ئیتر خه‌ته‌نه‌کردنی کچان له‌م ساڵانه‌ی دوایی‌دا رووی نه‌داوه! وابزانم پێویسته که‌سانی‌تریش له ناوچه‌کانی لای خۆیان که پێشتر ئه‌م کرده‌وه تیایدا باو بووه لێکۆڵینه‌وه‌ی ورد بکه‌ن که بزانین ئه‌م مانۆڕه رۆژنامه‌وانییه ته‌نیا بۆ نیشان‌دانی رواڵه‌تی خراپی ئێمه‌یه یا به راستی هێشتا ئه‌م کرده‌وانه روو ئه‌ده‌ن؟ له هه‌ر حاڵێکدا ئه‌م باسه پێویستی به چاره‌سه‌ری هه‌یه!

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (5)

مه‌ریوانی!

ژوئن 5th, 2010

–          یه‌که‌م: هاوڕێیه‌کم که خه‌ڵکی ” قوروه”بوو – له قوروه‌دا دوو ره‌گه‌زی کورد وتورک ئه‌ژین و به‌و پێیه‌ش جیاوازیی ره‌گه‌ز و مه‌زهه‌ب له‌وێدا به به‌رچاوی ئه‌بینرێت – به شۆخی‌یه‌وه به هاوڕێیه‌كی‌تری قوروه‌ییمانی ئه‌وت که بۆ نوێژی هه‌ینی ئه‌چین له مه‌ستراوه‌کانی ئه‌واندا دائه‌نیشین و نوێژه‌که‌ی ئه‌هێنینه‌وه بۆ مزگه‌وته‌که‌ی خۆمان! – له قوروه‌دا دوو مزگه‌وتی جامیعه‌ی لێیه!- !

–          دووهه‌م: هه‌میشه بڕوام وابووه که مرۆڤ له هه‌رکوێیه‌ک که بۆماوه‌یه‌کی زۆر بژی و له‌وێیشدابمرێت،خه‌ڵکی ئه‌و شوێنه‌یه و کاری به‌وه‌وه نییه که باوک و دایکی خه‌ڵکی کوێ بووبن! هیچیش جێگه‌ی شانازی نییه که خه‌ڵکی کوێ و کام ناوچه بیت. له “مه‌ریوان” زۆر که‌س هه‌ن و ئه‌ژین که له‌یلاخی و هه‌ورامانی و … بوون و چون له مێژه لێره ئه‌ژین، تێکه‌ڵی خه‌ڵکی ئێره بوون و خۆیان به مه‌ریوانی ئه‌زانن! به داخه‌وه ماوه‌ی شه‌ش – حه‌وت ساڵێکه خه‌ڵکی ناوچه‌یه‌کی باشووری مه‌ریوان روویان کردۆته ئێره و زۆر به به‌رچاوی و زاق خۆیان له خه‌ڵکی ئێره جیا کردۆته‌وه! له کووچه‌که‌ی ئێمه‌دا سێ ماڵی لێیه که ئۆتۆموبیله‌که‌یان له شاره‌که‌ی خۆیان پلاک کردووه! بۆ پلاک‌کردنی ئۆتۆموبیل شوێنی نیشته‌جێ‌بوون ئه‌سڵه! ئه‌وان وه‌کوو هاوڕێ قوروه‌ییه‌که‌م باشیی‌کان ئه‌به‌نه‌وه بۆ لای خۆیان و شلووقی و … له مه‌ریوان به جێ دێڵن بۆ ئێمه!

Posted in کۆمه‌ڵگا | Comments (10)

” ئێره ده‌نگی گه‌لی کوردستانه”!

ژوئن 1st, 2010

کاتێ له راپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 91دا رادیۆ ده‌نگی گه‌لی کوردستان ده‌ستی به بڵاوکردنی به‌رنامه‌کانی ئه‌کرد و سرووده پڕ له هه‌سته‌که‌ی یه‌کێتی ئه‌خوێندرایه‌وه و ” شێخ جه‌مال” به ده‌نگه حه‌ماسییه‌که‌یه‌وه ئه‌یقیڕاند که فڵانه شوێنیش ئازاد بوو، ته‌زوو ئه‌هات به هه‌موو گیانمدا! نان و سیاسه‌تم ئه‌خوارد! ” مام جه‌لال” و  یه‌کێتیم به که‌عبه‌ی هیواکانم دانابوو! له‌و ساڵه‌دا بوو که ئاخرساڵی خوێندنم بوو له “ده‌بیرستان”‌دا. هاوپۆله‌کانی من له شوێنه‌کانی‌تردا خۆیان به هه‌موو هێزه‌وه ئاماده‌ئه‌کرد که له “کونکوور”دا به‌شداری بکه‌ن و منیش ماتڵ به‌ڵێنه‌که‌ی مام‌جه‌لال بووم که که‌رکووک رزگار بێت! ” مامه‌ڕیشه‌” و “عومه‌ر ده‌بابه‌” و … م له خه‌ودا ئه‌دی! که‌س نه‌یئه‌وێرا له لام‌دا ناوی کورد بێنێت! نه‌مئه‌هێشت قسه‌که‌ی ته‌واو کات وه‌کوو دڕنده‌یه‌کی هیچ نه‌دیو هێرشم ئه‌كرده سه‌ری و له بیرۆکه‌ی مناڵانه‌ی خاوم‌دا پارێزگاریم له ” یا کوردستان یا نه‌مان” ئه‌کرد! ئه‌و هه‌موو رۆژ و مانگ و ساڵانه‌م وه‌ها دا له دار و تۆپاندم! ئێسته ئه‌زانم که چه‌نێ داماو بووم! ناڕه‌حه‌تیم کاتێ زۆرتر ئه‌بێت که پاش ئه‌و هه‌‌مووه ساڵه هێشتا زۆر که‌س له داماوی له‌و جۆره‌ی مندان و نازانن که چی و چۆن له کیس ئه‌ده‌ن!

قاره‌مانه جامانه‌به‌سه‌ره پشتوێن له پشته‌کانی ئه‌و ساڵانه‌م، ئێسته تلاون به گه‌نده‌ڵی و پاپیۆن و کۆت و شه‌رواڵی سورمه‌یی و حه‌ره‌مسه‌راکانیان نوقڵی نه‌قڵه‌کانن! مناڵه‌کانیان به له‌ندکرۆز و سکۆرته‌وه ئه‌ڕۆن بۆ پیاسه‌ و راوه‌کچ! ئێستا ئیتر نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی و ته‌نه‌که‌په‌ره‌ستی له لام وه‌کوو یه‌ک شووره‌یین! حه‌سره‌ت بۆ ئه‌و کاتانه ئه‌خۆم که که‌سانی له خۆم ژیرتر گاڵته‌یان به‌و شتانه ئه‌کرد که له لای من پیرۆز بوون و بۆ ساڵانی زۆر به گه‌وج و خائینم ئه‌زانین! من گۆڕراوم! بڕوام رۆژ به رۆژ پته‌وتر ئه‌بێت و ئیمانم هه‌یه که دونیا، داهاتووی له ئیمڕۆی زۆر باشتر و خۆش‌تر ئه‌بێت! حه‌یف که من و ئێمه زۆر شتمان دۆڕاند بێ ئه‌وه‌ی گوناهکار بین!

Posted in خۆمانه, ره‌خنه | Comments (8)