Archive for جولای, 2010

ژییاننامه‌ی کوردی!

جولای 30th, 2010

–          هاوسێیه‌کمان کچێکی خوێندکاری زۆر زیره‌کی بوو که خوێندکاری خوشکێکم بوو و ئه‌مانزانی که لانی‌که‌م له ده‌رسی جه‌بر و حه‌سابان‌دا زۆر زیره‌که! هه‌موو ساڵێ تا گرتنی بڕوانامه‌ی دیپلۆم دایکی له کاتی ته‌واوبوونی ساڵی خوێندندا سوێنی ئه‌خوارد که کچه‌که‌ی له زۆرینه‌ی ده‌رسه‌کانیدا سه‌رکه‌وتنی به ده‌ست نه‌هێناوه! دواتر زانیمان که “نه‌شمین ” نه‌فه‌ری ئه‌ووه‌ڵی خوێندنگه‌که‌یانه و دایکی له ترس ئه‌وه‌دا که نه‌وا چاوی لێبده‌ن، وا ئه‌ڵێ! “نه‌شمین ” به‌و هه‌موو دۆعا و نووشته‌ی دایکیه‌وه هێشتا نه‌یتوانیوه پاش پێنج‌ساڵ بچێته زانستگه و له جێدا لێئه‌دات!بۆچی؟ نازانم!

–          “…له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و ده‌ست کورت‌دا چاوی به دونیا هه‌ڵهێنا و…”  . ئه‌م وشه‌ ئاشنا و تیکرارییانه‌مان زۆرجار بیستووه! ژییاننامه‌ی زۆرکورد به‌م جۆره ده‌ست پێئه‌کات! “هه‌ژار”ی یان “ده‌سه‌ڵات‌داری” له ئه‌سڵدا نه باشه‌ و نه خراپ! ئه‌م چۆنێتی ژییانه کاتێک به باشێ یان خراپی خۆی نیشان ئه‌دات که “که‌س”ه‌کان بیانه‌وێت چۆن بژین. به‌ڵام له کۆمه‌ڵگای کورده‌واریدا نه‌داری تا ئاستی سواڵکه‌ری “حوسن”ه و ده‌وڵه‌مه‌ندی “قوبح”ه! روانینێکی خێرا به ناو سیاسییه‌کاندا ئاشکرا ئه‌کات که ئه‌ندامه‌کانیان هه‌موو “…له بنه‌ماڵه‌یه‌کی هه‌ژار و ده‌ست کورت‌دا چاویان به دونیا هه‌ڵهێناوه و…”  که‌س باسی ئه‌وه ناکات که زۆرینه‌ی رێبه‌رانیان به پێچه‌وانه‌وه له بنه‌ماڵه ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن ماڵه‌کاندا له دایک بوون و ژیاون! ئه‌مانه هیچیان له خۆیاندا خراپی و باشییان حه‌شار نه‌داوه که پێویست بێت وه‌ها بیشارینه‌وه! “نه‌شمین “مان له بیر نه‌چێت!

Posted in ره‌خنه | Comments (1)

شه‌قامی کوردی!

جولای 12th, 2010

–          بێ‌گومان هه‌موو کوردێک رووناک‌بیره و هه‌موو دانیشتن و کۆبوونه‌وه‌یه‌کی کوردیش، دانیشتنی رۆشن‌بیرییه! پاش هه‌ر دانیشتنێکی رۆشن‌بیریش، به خێرایی دانیشتووانی له شه‌قام تۆم ئه‌تووکێنن و چراسوور ره‌د ئه‌که‌ن و تۆخڵه‌مۆز له ده‌لاقه‌ی ئۆتۆموبیله‌کانه‌وه ئه‌خه‌نه ده‌ره‌وه!

–          ئێره مه‌ریوانه! ئیداره‌یه‌ک که 10 میتر له ماڵمان دووره! هه‌موو ئۆتۆموبیله‌ ئیداری و شه‌خسییه‌کان به جێی پارکینگ، له پیاده‌ڕه‌وی به‌ر ئیداره‌که‌دا پارک کراون!

–          ئێره‌یش – که نموونه‌ی زۆره-ناو شه‌قامێکی ئه‌سڵێی شاره! ئێستا بووه به مۆد که دووکانداره‌کان نایه‌ڵن ئۆتۆموبیل له سه‌ر شه‌قامی شار که له به‌ر ده‌رگه‌ی دووکانه‌کانیاندا هه‌ڵکه‌وتووه، رابوه‌ستن! مه‌سه‌له‌ن شه‌قامه‌کان زۆر پان و به‌رینن!

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (0)

حه‌زره‌تی خۆم!

جولای 7th, 2010

– یه‌که‌م: ئه‌ڵێن له ده‌ورانی ده‌سه‌ڵاتی “بیاره‌” دا،فه‌قێ‌کان هه‌موو رۆژانی هه‌ینی کێ‌به‌ر‌کێی بازبازێنیانبووه و هه‌رکه‌س زۆرتر بازی‌دابێت، براوه‌ی کێ‌به‌رکێکه بووه! هه‌موو فه‌قێکان پێش بازبردن هاواریان له شێخ کردووه و بی یاشێخ‌فڵان ده‌‌ستیان کردووه به بازبردن! رۆژێک و یه‌کێک له فه‌قێ رووناک‌بیره‌ زیره‌که‌کان به ” یا خۆم ” ه‌وه باز ئه‌بات و له هه‌موویشیان زۆرتر ئه‌په‌ڕێت و ئه‌یباته‌وه! تۆزێک دواتر له کوشتن رزگاری ئه‌بێت و له ” بیاره” ده‌ری ئه‌که‌ن! گوایه تووشی کوفر بووه!
– دووهه‌م: بازاڕی “حه‌زره‌ت” و له‌قه‌بی جۆراوجۆر ئێستاش هێنده گه‌رمه که مرۆڤ زۆر جار قیزی له خۆی و ده‌‌ور و به‌ری ئه‌شێوێته‌وه! ئاخر چۆن ئه‌بێت مرۆڤێک که ئه‌گه‌ر رۆژێک نه‌چێته مه‌سته‌راو، هه‌موو ریخۆڵه‌کانی له تاو پیسی‌دا ئه‌ته‌قنه‌وه، ببێت به حه‌زره‌ت و ئه‌وانی‌دیکه ده‌ستی ماچ که‌ن! ده‌ستێک که له خۆشبینانه‌ترین جۆری‌دا سه‌دان جۆر میکرۆب و ڤایریووسی‌نه‌خۆشی‌زای پێوه‌یه! هه‌موو رۆژێک په‌ڕوی هه‌ڵواسراو به ده‌ر و دیواری شاردا خۆیان نیشان ئه‌ده‌ن که پیرۆزبایی له فڵانه‌ که‌س ئه‌که‌ن که شوکری خوایان واجب کردووه له سه‌رشان جه‌ماوه‌ر وا ئه‌مانی به‌و هه‌مووه ” خێر و به‌ره‌که‌ت‌”ه‌وه داوه پێیان! خێر و به‌ره‌که‌تێ که تا ئێستا دیار نییه! ئه‌ی شیڕڕڕڕڕڕڕڕڕ بۆهه‌موومان!

Posted in ره‌خنه | Comments (3)

ئه‌م کورده جادووگه‌ره!

جولای 3rd, 2010

ساڵه‌های ساڵه‌ بێ‌سه‌ر و زمان‌ترین مشته‌ری قه‌سابێکم که هه‌ر چی پێداوم رازی بووم و ده‌نگم لێ‌ده‌ر نه‌هاتووه! ئاخرین جارێک که گۆشتم لێ‌سه‌ند، پاش تاریف‌‌کردنێکی زۆرله خۆی و خۆم و گۆشته‌که‌ی و جیاکردنه‌وه‌ی به‌شێکی جوان و ناسک له لاشه‌ی گوێره‌که‌یه‌ک، بۆی کێشام و پێی دام و له دووکانه‌که‌ی هاتمه ده‌ره‌وه! تۆزێک ئه‌ولاتر شووتییه‌کم له ئاشناترین میوه‌فرۆشی شار سه‌ند! پاش تاریف‌‌کردنێکی زۆرله خۆی و خۆم و شووتییه‌که‌ی بۆی کێشام و خستیه ناو نایلۆنێک و پێی دام! که‌مێک ئه‌ولاتر به‌سه‌یه‌ک نان ساجیشم سه‌ند! خاوه‌ن دووکانه‌که پاش تاریف‌‌کردنێکی زۆرله خۆی و خۆم و نانه‌که‌ی که تازه‌یه و هه‌ڵمی لێ‌هه‌ڵئه‌سێت و … دای پێم و له دووکانه‌که‌ی هاتمه ده‌ره‌وه! ئه‌م سێ دووکانه ئاخره‌که‌ی 20 میترێک له یه‌ک دوورن و کاره‌که‌ی منیش ئاخره‌که‌ی 20 خوله‌ک درێژه‌ی کێشا! که هاتمه ماڵه‌وه و شته‌کانم له دڵقه‌کان ده‌ر هێنا، به “قورئانه گه‌وره‌که‌ی نگڵ ” قه‌سه‌م، گۆشته‌که ئه‌وه نه‌بوو که پێی نیشان‌دابووم، شووتییه‌که‌یش ئه‌وه نه‌بوو که سه‌ره‌تا بۆی هێنابووم نانه‌که‌یش هی 8-7 رۆژ پێشتر بوو و ته‌می هێنابوو! ئه‌م کورده موسوڵمانه درۆ و که‌ڵه‌ک له کاریدانه‌بێت تیا ئه‌چێت! ئێواره کاتێ له هه‌واڵه‌کاندا بیستم که کارخانه‌ی “تۆیووتا” دووسه‌د و هه‌شتاد هه‌زار ئۆتۆموبیلی به هۆی گرفتێکی سادده‌ی تێکنیکییه‌وه کۆ ئه‌کاته‌وه، شوکور خوام کرد که ژاپۆن کورد و موسڵمانی تێدا نییه!

 

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (3)

باشترین کاریکاتوری ساڵ له ئه‌مێریکا

جولای 1st, 2010

کاریکاتوری سیاسی مشت و مڕی منداڵێکی یه‌هوودی و منداڵێکی فه‌له‌ستینی

 

 منداڵی یه‌هوودی: باوکم پێی وتووم که ئێوه تیرۆریست، شه‌ڕاشۆ و وه‌کوو حه‌یوانن!

منداڵی فه‌له‌ستینی: به‌ڵام باوکی من هیچی پێ نه‌وتووم! ئاخر باوکی تۆ  ئه‌وی کوشتووه! 

Posted in کاریکاتور | Comments (4)