Archive for دسامبر, 2010

به‌ره‌و “سوورێن” !

دسامبر 18th, 2010

به‌ره‌و “سوورێن ” – پشت “نێ ” و “کانی‌سانان”

 25 ی 9 ی 89 – کات‌ژمێر 21 و 5 ی ئێواره

Posted in وێنه | Comments (7)

حاجییانه!

دسامبر 12th, 2010

سێ – چوار رۆژه حاجییه  مه‌ریوانییه‌کان له حه‌ج گه‌ڕاونه‌ته‌وه و  منیش بۆ دیتنی چه‌ند که‌سێکیان چووم! به داخه‌وه سه‌فه‌ری حه‌ج ئیمڕۆ بووه به جۆرێک له خۆنیشان‌دان – ئه‌ڵبه‌ته نه‌ک بۆ هه‌موو حاجییه‌کان –  و له جێی ساف‌بوونی رۆح و نزم‌تربوونی ده‌ماخ له ئاست دونیادا، به نازناوێکی زل و زه‌به‌للاح وه‌کوو حاجی فڵانه‌که‌س و جاجییه‌ فیساره‌که‌س خۆی نیشان ئه‌دات. ئه‌م دیمه‌نانه سه‌فه‌ری مه‌عنه‌وی حه‌جیان له‌م ساڵانه‌دا بردوه‌ته ژێرسیاره‌وه:

–    رێ و ره‌سمی ناردن و هاتنه‌وه و ئه‌ڵقه‌ی گوڵ و به‌ده‌مه‌وه‌‌چوونی تایفه‌ تا فرۆکه‌خانه‌ی تاران و په‌ڕۆ‌نووسین و ته‌نانه‌ت ماشین رازاندنه‌وه!

–    له راستی‌دا “حاجی” که‌سێکه که نییه‌تی سه‌فه‌ری حه‌جی کردووه و ئیتر پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌م نازناوه ته‌‌نیا نیشانه‌ی جیاوازییه و کلاس!

–    زۆربوونی ئوتومۆبیلی پراید و گه‌ڕانی میلله‌ت له هه‌موو وڵاتدا ئیتر له مود که‌وتووه و زۆر که‌س ئه‌ناسم که جاری هه‌شت و نۆیانه حه‌ج ئه‌كه‌ن و لایان وایه وه‌ها زۆر حاجی‌ترن!

–    حاجییانه‌گرتن ئیمڕۆ زۆرتر له زه‌ماوه‌ن ئه‌چێت به‌ڵام بێ “کاکه قاله گاگلی” و ئورگه‌که‌ی “کاکه حسه‌ین”! دوێ‌شه‌و لانی‌که‌م دووسه‌د که‌س بانگهێشتی حاجییانه‌یه‌ک کرابووین که به حه‌سێبێکی سادده لانی‌که‌م میلیۆنێک تمه‌ن خه‌رجی کرابوو! ئه‌م ” حاجییانه”یشه ئیمساڵ بووه به مه‌سه‌له‌یکی نامووسی و کورد زۆر به لایه‌وه گرنگ بوو!

خۆم نزیک‌چوارساڵ پێش ئێستا سه‌فه‌ری حیجازم کرد و مه‌ککه و مه‌دینه و جه‌دده گه‌ڕام، زۆر شتم دی و زیاتر له 700 وێنه‌م گرت. هه‌ر پاش گه‌ڕانه‌وه‌م چه‌ند نووسراوه‌یه‌کم به ناو “حه‌ج‌‌نامه” نووسی و له ره‌وگه‌دا بڵاوم کرده‌وه به‌ڵام درێژه‌م نه‌دا! ئێستا به ته‌مام له چه‌ند پۆست‌‌دا به درێژی و ته‌واوی باسی ب‌که‌م و حه‌ج‌نامه‌یه‌کتان پێشکه‌ش که‌م! بزانم ئه‌مێنم…

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (3)

… و تا شه‌ممه خوا گه‌وره‌یه!

دسامبر 7th, 2010

ئه‌م به‌یانییه کات‌ژمێر 7.20 له ماڵ هاتمه ده‌ر و تا گه‌ییمه حه‌لیم‌په‌زییه‌که‌ی کا مه‌جی سه‌رما دای‌لێم! کاسه‌یه‌ک حه‌لیمی‌ داخ له سه‌رمایه‌کی سه‌رته‌زێن‌دا وه‌ها گه‌رممی کرده‌وه که به‌ڵێنی رۆژێکی خۆشی پێئه‌دام! 7،56 له ده‌فته‌ری یه‌کێک‌ له ناسراوترین و باشترین خوێندنگه‌کانی مه‌ریوان‌دا خۆم بینی! پێش‌گه‌یشتنی من مامۆستاکان باسیان داهێنابوو! قسه‌ی “سوجده‌ی سه‌هو ” و چۆنێتی به‌جێ‌هێنانی بوو! مامۆستای ریازی و دینی به حه‌راره‌ته‌وه نه‌قڵیان له ئیمام شافیعی ئه‌هێنایه‌وه! دوومانگ و یازده‌رۆژ له ساڵی خوێندن گوزه‌راوه و تا ئیمڕۆ نه‌مدیوه و نه‌مبیستووه باسی مامۆستایانی ئه‌م خوێندنگه له “تاره‌ت و شه‌رایتی وجووب”ی ره‌د ببێ! سه‌‌رم داخست و چوومه کلاس! رامیار گووشییه‌کی Iphon ی نوێی سه‌ندبوو و هێنابووی چه‌ند نه‌رمه‌واڵه‌یه‌کی بۆ دابه‌زێنم! رێبین یه‌که‌م باسی بۆ کردین! چه‌ند رۆژێکه خه‌ریکی به‌کوردی‌کردنی ئافیسه! ئه‌مان له کوێ و مامۆستاکانیان له کوێ! دونیا ئاخره! ده‌نگی زه‌نگ دڵی داخستم! هێشتا پێم نه‌گییبووه ناو ده‌فته‌ر که گوێم له باسی نوێی مامۆستاکانه‌وه بوو! ئه‌یانووت ئورووپا تا ئێواره پێش‌که‌وتوو بێت چون “مه‌عنه‌وییات”ی تێدا نییه هیچیان نابێت به هیچ! خۆزگه‌میان ئه‌خوارد به خۆمان که هێنده له مه‌عنه‌وییاتدا مه‌له‌وانی باشین! چ درۆیه‌کی بێ‌شه‌رمانه! خوا نانی وا ببڕێت که به قسه‌ی وا په‌یا ئه‌کرێت! لێره هه‌موو مه‌لان! منی کوڕه‌مه‌لا نه‌بێت خۆمی لێ‌ئه‌شارمه‌وه! هێند لێیان مانوو بووم که قیزم له چاییه‌که‌ی کاحسه‌ینیش شێواوه‌ که بۆی داناوبووین! ته‌نانه‌ت قیزم له پانتۆڵه‌که‌ی خۆیشم ئه‌شێوێته‌وه که ناومه‌ته سه‌ر سه‌نده‌ڵی ده‌فته‌ر! هه‌ر جۆرێک نه‌بێت تا 12،45 هه‌ڵئه‌که‌م و خۆم ئه‌گه‌ینمه ماڵه‌وه! ئه‌م ئێواره ده‌عوه‌تی زه‌ماوه‌نی ماڵ کاکه‌ناسێحین! له کات‌ژمێر 6 ه‌وه تا کاتێک گه‌ڕاینه‌وه ماڵ – و بڕیاریش بوو زه‌ماوه‌ن تا 12 ی شه‌و درێژه‌ی بێت – هه‌ر خه‌بات‌گاگلی بوو خوێندی و خوێندی و “داسێران”ی بوون هه‌ڵپه‌ڕین و هه‌ڵپه‌ڕین! چه‌نده گه‌وجن ئه‌وانه‌ی ئه‌یانه‌وێت به سه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه پڕ له جووڵه و سه‌رخۆشییه بیره‌ڕه‌ش و چڵکه‌نه‌ ده‌ره‌کییه‌کان داسه‌پێنن! بژی خۆمان که هه‌رگیز چۆکمان بۆ که‌س دانه‌داوه! شه‌و هه‌موو مانوویه‌تی و نائومێدییه‌کانم له بیر برده‌وه و تا شه‌ممه خوا گه‌وره‌یه!

                                  ——————————

ئه‌م نووسراوه‌ بڕیار بوو کات‌ژمێر 10،03 ی شه‌وی پێنج‌شه‌ممه بڵاو بێته‌وه که 3 خوله‌ک پێش ئه‌وه ره‌وگه له لایه‌ن هه‌کێری عه‌ره‌به‌وه هه‌ک کرا! ئیمڕۆ توانیم گرفته‌که‌ چاره‌سه‌ر بکه‌م! زۆر جالب بوو! خێر و به‌ره‌که‌تی ئه‌وان!

Posted in خۆمانه, کۆمه‌ڵگا | Comments (2)