Archive for ژوئن, 2011

کورده‌واری…

ژوئن 27th, 2011

دوێنێ له سه‌ر شاڕێی هه‌مه‌دان-کرماشان، نه‌گه‌یشتوو به بێستوون به خێرایی 110 کیلۆمێتر له کات‌ژمێردا خه‌ریکی لێخوڕینی ناخۆشی هاوینه‌ بووم! “شارامی نازری” به “یاوه‌ران مه‌سم”ه‌وه حاڵ و هه‌وایه‌کی خۆشێ دابوو پێمان! ماشینێکی قورسی بارهه‌ڵگر له پێش ئۆتۆموبیله‌که‌ماندا بوو و هاتم که پێشی که‌وم! هه‌مووئه‌وانه‌ی له پشته‌سه‌ری منه‌وه خه‌ریکی لێخوڕین بوون له سه‌ر چرای رێنوێنی چه‌پ که لێم‌دابوو به‌ره‌و لای چه‌په‌وه لارۆ بوونه‌وه که دوای من که‌ون! له ناکاو وه‌کوو به‌‌رق بمگرێ، خۆم کێشا سووچێکه‌وه و له پێش‌که‌وتن په‌شیمان بوومه‌وه! له پشت ماشینه‌که‌وه به خه‌تێکی نه‌سته‌علیقی جوان نووسرابوو:

” کورده‌واری ئه‌ی وڵاته جوانه‌که‌م”

له په‌نای کێوی به‌رز و پڕ له‌ شکۆی “بێستوون” و به بینی به‌شێکی‌تری کورده‌واری هه‌ستێکی کوتووپڕی وا هات به گیانمدا که رووم نه‌بوو پێش ماشینێکی وا بکه‌وم! ئه‌توت فیلمی سینه‌ماییه! که‌سێکی‌تر ئه‌م باسه‌ی بگێڕایه‌ته‌وه بۆم ئه‌موت عه‌جه‌ب سووسوولێک! هێنده له پشته سه‌ریه‌وه چووم به رێدا که ئاخری خۆی لای قاوه‌خانه‌یه‌کی به‌ین‌ڕێیدا لایدا و پێشی که‌وتم! مرۆڤ له وه‌ها شوێنێکدا که هه‌میشه ئاوسه به مێژوو، حه‌ز ئه‌کات دار و به‌رده‌که‌ی بلێسێته‌وه!

کورده‌واری…

* ئه‌م وێنه له سایتی “جام‌جم آنلاين” وه‌رگیراوه.

————————————————————————————-

Posted in سه‌فه‌رنامه, کۆمه‌ڵگا | Comments (5)

“فه‌ته‌لی”

ژوئن 24th, 2011

زۆر ساڵه زۆر جار دیومه! یانێ هه‌موو رۆژی دیومه! خۆشم ویستووه بێ ئه‌وه‌ی قه‌ت له گه‌ڵیدا قسه‌م کردبێت! ره‌شتی ئه‌پێچاوه و که‌واو پانتۆڵێک و له کاتی هه‌واساردیش‌دا کۆتێکی ئیمریکایی ئه‌كرده به‌ر! (له سیمایا به‌دیم کرد هه‌یکه‌لی عومرێکی حه‌سرێت‌کێش) و جیا له‌مانیشه خه‌م و نیگه‌رانی هه‌میشه له سیمایا به‌دی ئه‌کرا! “فه‌ته‌لی” چل-په‌نجا ساڵ پێش ئێستا لێره سه‌رباز بووه! له عه‌جه‌مستانه‌وه هاتبوو! کاتی ته‌واوبوونی سه‌ربازییه‌که‌ی به جێی گه‌ڕانه‌وه بۆ زێد و وڵاتی خۆی دانیشتنی له مه‌ریوانا هه‌ڵبژاردبوو و هه‌ر لێره‌یش ژنی هێنابوو! ژن‌هێنانێ که منداڵێکی لێ‌نه‌كه‌وتبوه‌وه! غوربه‌ت ده‌ردێکه که وه‌کوو شێرپه‌نجه قه‌پ ئه‌کات به هه‌موو له‌شی‌ مرۆڤدا و ئاخریشی به مردن ته‌واو ئه‌بێت! دوێ‌شه‌و “فه‌ته‌لی” – له ئه‌سڵدا فه‌تحعه‌لی بووه- مرد! ته‌نیا و بێ‌که‌س! کاتێ زانیم دڵم ته‌زی! چه‌ند رۆژ پێش ئێستا وێنه‌یه‌کیم به دزییه‌وه گرت! وتم با وه‌ها نه‌زانێ که شتێکه وا وێنه‌ی لێئه‌گرن! نه‌خۆش بوو و دامنابوو کاتێ باش بووه‌وه وت و وێژێکی له گه‌ڵدا بکه‌م که به داخه‌وه دێر جووڵامه‌وه…

————————————————————————————-

 



Posted in خۆمانه, کۆمه‌ڵگا | Comments (7)

دوێنێ و ئیمڕۆ!

ژوئن 14th, 2011

مرۆڤ بوونه‌وه‌رێکی بێ‌مێشکه! خۆ به‌زل‌زان و هیچ! توانای بینینی به‌یانیشی نییه! ئیمڕۆ  دووکه‌سم له شوێنێکدا دی که هه‌ڵگژابوون به یه‌کدا و کارێکیان ئه‌کرد که پیاو رشانه‌وه‌ی ئه‌هات! ئێمه‌یه‌ک که به‌یانی کاتێ له خه‌و هه‌ڵئه‌سین ئه‌گه‌ر ده‌لاقه‌ی ژووره‌که‌مان ئاوه‌ڵا نه‌که‌ین بۆگه‌نی خۆمان ئه‌مانخنکێنێت! کاتێک نزیکه‌وه مردنیش ئه‌که‌وینه‌وه له ئه‌و په‌ڕی لاوازی و هیچی‌دا سه‌ر دائه‌نه‌وێنین! هیچ‌که‌سمان ئه‌وه نین که خۆمان وه‌ها به زل ئه‌زانین! یانێ ئه‌سڵه‌ن هیچ نین! دوێنێ و ئیمڕۆ ته‌ماشا که‌ن:

Posted in خۆمانه, ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (3)

هه‌ورامان – دزڵی

ژوئن 11th, 2011

 هه‌ورامان – دزڵی، گوڵانی 90

بۆ دیتنی وێنه‌ی زۆرتر له سروشتی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا سه‌ردانی لاپه‌ڕه‌که‌م بکه‌ن که بۆ به‌کارگرتنیان له Google Earth دامناون.

Posted in وێنه | Comments (4)

قشقه‌ڕه‌ی دایک!

ژوئن 8th, 2011

دوێنێ بۆ ئاخرجار له ساڵی خوێندنی 90-89 دا رێم که‌وته خوێندنگه! له ده‌فته‌ردادانیشتبووین و گوێمان بۆ هاوکارێکمان ئه‌گرت:

–          مناڵ بووم! به سه‌ر داربه‌ڕووی به‌رماڵمان له دێهاتێکدا قشقه‌ڕه‌یه‌ک هێلانه‌ی کردبوو. حه‌وت- هه‌شت هێلکه‌یشی کردبوو و به سه‌راینه‌وه کڕکه‌وتبوو که هه‌ڵیان بێنێ! جارێک فرسه‌تم هێنا و کاتێک قشقه‌ڕه‌ی دایک له هێلانه‌که‌ی چووبووه ده‌ره‌وه، هێلکه‌کانیم هێنا و له ئاوه‌کوڵدا کوڵاندم! خێرا بردم و خستمه‌وه ناو هێلانه‌که! قشقه‌ڕه رۆژێک، دوو رۆژ، حه‌وته‌یه‌ک کڕکه‌وت و به ته‌مابوو جووجه‌ڵه‌کانی بێنه ده‌ره‌وه که‌چی خه‌به‌رێ نه‌بوو! ماوه‌یه‌کی زۆر تێپه‌ڕبوو و ئاخری قشقه‌ڕه که تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بووبوو و ده‌نگ و ره‌فتاری گۆڕدرابوو، هه‌ڵفه‌ڕی و هێلانه‌ی چۆڵ کرد و هێلکه‌ی کوڵاوی به جێ‌هێشت…!

له‌ دوێکه‌وه نه‌ک هێلکه، به‌ڵکوو هه‌ر چی شتی وه‌ک هێلکه ئه‌بینم ته‌زوو دێت به هه‌موو گیانمدا! جا بیهێننه به‌ر چاو دایک و هه‌موو داماوییه‌کانی…

Posted in کۆمه‌ڵگا | Comments (5)