Archive for جولای, 2011

مه‌حشه‌ر!

جولای 31st, 2011

یه‌که‌م:
ساڵانی ئاواره‌یی شه‌ڕی ئێران و ئێراق پڕ بوون له بیره‌وه‌ری خۆش و ناخۆش، تاڵ و شیرین و … هه‌ر چه‌ن شه‌ڕ ناشیرین‌ترین و کاره‌سات‌بارترین رووداوی به‌شه‌رییه! 28-27 ساڵ پێش ئێستا و کاتێ خوێندکاری سه‌ره‌تایی بووم و له یه‌کێک له دێهاته‌کانی نزیک مه‌ریواندا ئاواره بووین، سه‌رله‌به‌یانییه‌ک زوو هاوار له هاوسێ‌ماڵێکمان به‌رز بووه‌وه. دایکی ماڵه‌که به ره‌حمه‌تی خوا چووبوو و مردبوو. کوڕێکی که هه‌رزه‌کار بوو و به داخه‌وه تووشی نه‌خۆشیی ده‌روونی بوو به تاسه و گڕێکی دڵته‌زێنه‌وه له گوێسه‌بانی ماڵه‌که‌یانه‌وه دایکی ئه‌لاوانده‌وه و دڵی ئێمه‌شی ئه‌کوڵاند! ته‌رمی ئه‌و خاتوونه‌یان له گۆڕستانی هاوبه‌شی دوو ئاوایی ده‌ور و به‌ردا به خاک سپارد.
گۆڕستانه‌که جۆرێ هه‌ڵکه‌وتبوو که ته‌پۆڵکه‌یه‌کی بوو و پیشتر پڕ بووبوه‌وه و ئێستا به هۆی نه‌مانی جێگه مردووه‌کانیان له خوارتره‌وه ئه‌سپه‌رده‌ی خاک ئه‌کردو و ه‌ر به‌و هۆکاره‌یشه‌وه ئه‌و خانمه‌یه‌یان له خواره‌وه به خاک سپارد. ده‌نگ نه‌بوو تا دووڕۆژ دواتر هه‌را به‌رز بووه‌وه که گوایه کوڕه گۆڕی دایکی هه‌ڵته‌کاندووه و به ته‌مایه ته‌رمه‌که بباته ته‌نیشت گۆڕی باوکیه‌وه که پێشتر فه‌وتی کردبوو و له سه‌ر ته‌پۆڵکه‌که‌دا ناشتبوویان. گۆڕی تازه‌یشی به زه‌حمه‌ته‌وه بۆ که‌ندبوو! خه‌ڵک فریا که‌وتن و نه‌یانهێشت! ئه‌ویش هاواری ئه‌کرد:

–         به خواکه‌رن!
ئاخر نامه‌ردانه! له رۆژی حه‌شردا تا دایکم دێت و باوکم ئه‌دۆزێته‌وه هه‌زار پی ئه‌نێن به سه‌ریداو ئاخریشی ئه‌م له خواره‌دا و ئه‌و له‌و به‌رزاییه‌دا هه‌ر یه‌کتر نادۆزنه‌وه! به‌ڵام ئه‌گه‌ر له په‌نای یه‌کدا بن هه‌ر له سه‌ره‌تاوه قۆل ئه‌که‌ن به قۆلی یه‌کتردا و به‌ره‌و سه‌حرای مه‌حشه‌ر هه‌نگاو ئه‌نێن…!

دووهه‌م: ئیمڕۆ سه‌ردانێکی گۆڕستانی مه‌ریوانم کرد. گۆڕی زۆر ئازیزی کۆچکردووم بینی و یادیانم به‌رز راگرت. نازانم بۆچی هه‌ر لاواندنه‌وه‌که‌ی ژوورم له گوێدا ئه‌زڕنایه‌وه و باسه‌که‌یم ئه‌هاته‌وه بیر؟!

Posted in کۆمه‌ڵگا | Comments (0)

“په‌نامل”!

جولای 22nd, 2011

که‌سانێک هه‌ن که ئه‌شێ په‌یکه‌ره‌یه‌کیان لێ‌ دروست که‌ن و به شانازییه‌وه له سووچێکی شاردا دایبنێن! لێره و له ئیمڕۆی وێران و پڕگرفتاریدا به ده‌ست هێنانی بژیوی ژیان کاری هه‌ر که‌س نییه! به‌خێوکردن و تێرکردنی سکی ماڵ و مناڵ که‌سێکی به‌هێز و توانای ئه‌وێ که له هیچ شتێک سڵ نه‌کات و رسق له گه‌رووی شێریشدا بێت بێنێته د‌‌ر و په‌یدای بکات! ئیمڕۆ ئوتوموبیلێکم ‌دی که هه‌ر به ناو ئوتوموبیل بوو! به‌م جۆره ماشینانه لێره‌دا ئه‌ڵێن “په‌نامل”! چون ده‌نده‌کانی له په‌نای فه‌رمانی ماشینه‌که‌دایه! له جۆری TOYOTA ن و هه‌ر کامیان ده‌یان و سه‌دان که‌سی ناشییان فێری شۆفیری کردووه و به خراپ‌ترین رێگه‌ی کوردستان‌دا هات و چوویان کردووه! له 41 تا 33 ساڵه کار ئه‌که‌ن و بار ئه‌به‌ن! ئه‌مه نموونه‌یه‌کیان بوو که چاوم پێکه‌وت! مه‌گه‌ر ئازا بیت که بزانیت ئه‌مه ئوتوموبیله! به‌و حاڵه‌یشه‌وه
بژیو و رسقی چه‌ند که‌س ئه‌شێ به‌م داشقه‌یه په‌یدا بێت:

Posted in کۆمه‌ڵگا, وێنه | Comments (0)

چ شێر په‌نجه‌یه‌که ئه‌م نیشتمانه!

جولای 19th, 2011

زۆرجار بووه کاتێ تا ئاستی خنکاندن زۆرم بۆ هاتووه، قینم که‌وتووه له‌و خاکه‌ی تێیدا ئه‌ژیم- و ژیاوم-. له‌و که‌سانه‌ی هاوشاریمن و ئه‌ڵێی ته‌نیا بۆ ئه‌وه خولقاون که بخنکێنن! له زۆر شت! زۆرترین زه‌مانێک که ئه‌م بیرۆکه‌یه له مێشکمدا ماوه‌ته‌وه له خوله‌کێک تێنه‌په‌ڕیوه! چ شێر په‌نجه‌یه‌که ئه‌م نیشتمانه! که تووشی بوویت نه ده‌رمانی هه‌یه و نه وێڵت ئه‌کات و ئاخریشی هه‌ر به‌و ده‌رده‌وه ئه‌مریت… سوێن ئه‌خۆم کاتێ بۆ ته‌نیا رۆژێک لێی دوور ئه‌که‌ومه‌وه ته‌نانه‌ت حه‌ز ئه‌که‌م باوه‌ش بکه‌م به‌و ئوتوموبیلانه‌دا که ته‌ک و تووک له پاڵمدا ره‌د ئه‌بن و ژماره‌ی کوردستانیان پێوه‌یه! چ شێر په‌نجه‌یه‌که ئه‌م کوردستانه! تازه من باشم! هاوڕێیه‌کم هاونووستنگه‌یه‌کی بوو که له حه‌و‌ته‌دا ته‌نیا شه‌وێک له “خوابگاه” دا ئه‌مایه‌وه! هه‌ر که ئه‌گه‌ییه تاران و ساکه‌که‌ی دائه‌نا به حه‌سره‌ته‌وه ئه‌یوت: ئای غه‌ریبی! کوشتمت! ئاخ جوانڕۆ…! ده‌رده‌که‌یم باش ئه‌ناسی! نه‌خۆشیی هاوبه‌شی هه‌موو کوردێک! چ شێر په‌نجه‌یه‌که ئه‌م نیشتمانه! تێیدا ئه‌هاڕێیت، ناخت ئه‌گووشرێت، که‌رامه‌تت پێشێل ئه‌کرێت و دیسان هه‌ر خۆشت ئه‌وێت! له خه‌ویشدا ئه‌یلێسیته‌وه! به بیستنی ناوی دڵت پڕ ئه‌بێت و بۆشاییه‌کانی ده‌روونت پێی پڕ ئه‌بنه‌وه! ماندووم و زۆر جار خنکاوم! وه‌ک ماران‌گه‌سته دێفۆرمه بووم و جار هه‌یه خۆیشم ناناسمه‌و به‌ڵام چ شێر په‌نجه‌یه‌که ئه‌م نیشتمانه! هه‌تا زۆرتر تێیدا نه‌حه‌سانه‌وه ئه‌بینم پتر خۆشم ئه‌وێت! نیشتمانی من به‌تام‌ترین خاک و بێ‌تامترین مرۆڤی هه‌یه! ئه‌وانه‌ی وا “گیان” بۆ “نان” ئه‌فرۆشن! چ قافییه‌یه‌کی ناشیرین…

Posted in کاریکاتور | Comments (0)

مردوو!

جولای 6th, 2011

یه‌که‌م: “فه‌ردین” ئه‌یوت  له “دیوانده‌ره” هاوسێ‌ماڵێکمان بوو که دایکێکی پیری له گه‌لیدا ژیانی به سه‌ر ئه‌برد. کۆڵانه‌که‌مان هه‌موویان مامۆستای خوێندنگه‌کانی شار بوون. به‌یانییه‌ک ئه‌ووه‌ڵ وه‌خت قیڕه له ماڵیان به‌رز بووه‌وه و زانیمان که دایکی کوتووپڕ فه‌‌وتی کردووه. خۆمان گه‌یاند به ماڵیان و له کاتێکدا که هێشتا ته‌رمی دایکیان نه‌‌بردبوو بۆ مزگه‌وت، دڵداریمان ئه‌داوه. کاک ئه‌حمه‌و که هاوکارمان بوو هات سه‌ره‌خۆشی لێبکات، وتی:

–          باشه کاکه گیان!خۆ دایکتان ئێواره ساق و سڵامه‌ت له به‌ر ده‌رگه دانیشتبوو و چاک و چۆنمان به یه‌که‌وه کرد! چۆن وه‌ها کوتووپڕ مرد؟

–          وه‌ڵڵا کاکه ئه‌حمه‌و نازانم! سه‌کته‌ی کردووه و ئازا مردووه!

لێره‌دا کاکه ئه‌حمه‌و هات بڵێت که دونیا به‌قای نییه و مردن هه‌ر کات له رێدایه و مرۆڤ زۆر زه‌عیفه:

–          ئه‌ی بنیاده‌م گوو! چه‌نێ داماوی! به موویه‌ک به‌نی! ئه‌وه‌ها دایک کا عه‌لی!

دووهه‌م: ئیمڕۆ له پرسه‌ی که‌سێک له مزگه‌و‌ت له مامۆستایه‌ک قسه‌یه‌کم بیست که ئه‌گه‌ر به گوێ‌خۆم نه‌مبیستایه، ئه‌موت درۆیه و وای نه‌وتووه:

–          موسوڵمانینه! وا نه‌زانن عیلم و فه‌ن شتێکی عه‌جایه‌به و خوا به‌وه واز له مرۆڤ دێنێ! تا موسوڵمان نه‌بیت، هه‌ر چی که‌ی بێهووده‌یه! ئه‌م “ئێدیسۆن”ه نییه! جێگه‌ی وه‌یل و جه‌هه‌ننه‌مه! فایه‌ی چییه؟! موسوڵمان نه‌بووه! …

سێهه‌م: ده‌ی بێ و بژی! گشتی خه‌تای خۆمانه! ئه‌ی بنیاده‌‌م …!!!

————————————————————————————-

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (8)