کۆڵبه‌ر!

آوریل 1st, 2017

 ▐”که‌مال”م ئه‌ناسی! ئه‌مزانی خۆی و باوکی چۆن ژیاون و چۆن ئه‌ژین! به‌ڵام نه‌مئه‌زانی کۆڵبه‌ری ئه‌کات! تا کوتوپڕ هه‌واڵی شه‌هیدبوونیم بیست! 
 ▐چون هیچم پێناکرێ و ده‌رگه‌‌ی ئاوات هه‌میشه ئاوه‌ڵایه، ئاواته‌خوازم ئه‌و سه‌رباز و گرووبانه سه‌گبابانه که دڵیان یێت گولله به سینگی کوڵبه‌رێکه‌وه بنێن تووشی سه‌د جۆر شێرپه‌نجه بێن یه‌ک له یه‌ک خراپتر! هاتوو ده‌رمان کران، جه‌ڵته‌ی جۆراوجۆر لێیان بدات! به‌میشه نه‌تۆپین بکه‌ونه ده‌ست داعش و ساڵێک ده‌سشۆریی بۆگه‌‌نیان خاوێن بکه‌نه‌وه! هاتوو له‌و جه‌هه‌ننه‌مه‌یشدا ده‌رباز بوون کوێر و که‌ڕ و لاڵ و ئیفلیج بن و دووسه‌د ساڵ وه‌ها بژین!

Posted in تێکه‌ڵ, ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (0)

جێ‌پێ!

مارس 27th, 2017

له مرۆڤیش به قه‌د جێی سمی ئه‌سپێکی وه‌حشی له سه‌ر کێڵگه‌یه‌‌کی بێ‌خاوه‌ن، نیشانه به جێ ئه‌مێنێ!

Posted in تێکه‌ڵ, خۆمانه, ره‌خنه | Comments (0)

دوکتور بازی!

مارس 21st, 2017

 ▌ لانیکه‌م له ده‌وره‌یی “سه‌فه‌وییه‌”وه تا ئه‌مڕۆ له ئێراندا به قه‌د “ده‌وای چاو کوێرێک” زانست به‌رهه‌م نه‌هاتووه! به‌ڵگه: شانازی به ڕابردوو! 
▌  جاران که‌سێک که له مانگی “ذی الحجه” دا له دایک ئه‌بوو، پێشناوی “حاجی”یان پێئه‌دا! وه‌کوو حاجی قادری کۆیی! 
 ▌ ئێستا نه‌خۆشیی “دوکتور”ی لێره هه‌مووی گرتووه‌ته به‌ر! ئاخر له شوێنێکدا که وه‌زیری ناوخۆی به دیپلۆمه‌وه ئه‌بوو به دوکتور! چ شانازییه‌که که دوکتور بیت! هه‌زاران که‌س بێ ئه‌وه یه‌ک ڕۆژ له زانکۆدا مابنه‌وه – په‌یامی نوور و ئازاد -، له کونکوورێکی عادڵانه و سه‌راسه‌ریدا به‌شدارییان کردبێ و … هه‌ر له یه‌که‌م ڕۆژی خوێندکاریدا حاجی‌ئاسا، پێشناوی دوکتور ئه‌لکێنن به خۆیانه‌وه و تا ماون یه‌ک لاپه‌ڕه که بۆنی تازه‌یی لێبێت لێیان به‌رهه‌م نایه‌ت!
▌ ئێمه گرفتمان ته‌نیا گه‌نده‌ڵیی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ناوه‌ندی نییه! گه‌نده‌ڵی وا له په‌نای گوێماندا! له ناو کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ ڕووناکبیرییه‌کاندا! له ناو چینی خوێنده‌واری بێسه‌وادی خه‌ڵک‌گه‌وجێندا که دڵیان به ناوێکی چۆڵ خۆشه! ئێمه هه‌ر کورد بووین و هه‌ر کورد ئه‌بین!
به‌م مانگه حه‌رامه واین تیایدا، مه‌به‌ستم هیچ که‌سێکی دیار نییه و نه‌بووه! که‌س به خۆی نه‌گرێ!

Posted in ره‌خنه, کۆمه‌ڵگا | Comments (0)

شه‌ڕ!

مارس 21st, 2017

لایه‌نگری له لایه‌نێکی شه‌ڕی خۆکوژی، پاساودانه‌وه‌ی، هه‌وڵدان بۆ تاوانبارکردنی لایه‌نێکی‌شه‌ر و پیرۆزکردنی لایه‌نی‌تر و هه‌رجۆره کارێکی له‌م چه‌شنه له شه‌ڕه‌که قیزه‌ونتره! شه‌ڕ هه‌ر که‌س بیکات، جه‌نایه‌ته!

Posted in سیاسه‌ت | Comments (0)

“هاوژین”

فوریه 12th, 2017

 ساڵه‌هایه ئێشی شێرپه‌نجه و بێ‌ئینسافیی ژیان، زه‌ڕڕه‌یه‌ک له هیوا، وره، خۆشه‌ویستیی دایکانه و پێکه‌نینه‌کانی که‌م نه‌کردوه‌ته‌وه! هه‌موو جۆره شێرپه‌نجه‌یه‌کی تاقی کردو‌وه! ئه‌ووه‌ڵینیانی که به‌زاند، ژیانی له‌عنه‌تی به جێی ئافه‌رین، لێی که‌وته قین و شێرپه‌نجه‌ی جۆراوجۆری کرده گیانی! ئێستا ئیتر هێزی ڕاوه‌ستانی نه‌ماوه! 
 هه‌موومان به‌ته‌مای موعجیزه‌ین! به‌ڵکوو له ناو کتێبه‌کان بێته‌ ده‌ر و بێ به ڕاستی! خوێندنگه، جێی خاڵیی ڕاگرتووه و ته‌نیا به خۆی پڕ ئه‌کرێته‌وه! له‌وه‌ که نه‌مره، گومانم نییه! له ژیان خانه‌گومانم که مرۆکوژه‌کان ڕائه‌گرێ و له ئاست “هاوژین”دا ئه‌بێ به شێر!

Posted in تێکه‌ڵ | Comments (0)

حه‌یات!

فوریه 1st, 2017

ما مسلح به الله اکبریم…
 شه‌ڕ! ئاگر! ناپاڵم! کووپین! هێلکه‌ی سه‌ڵه‌واتی! قاتی و قڕی! مردن به ئاسانی! له‌و ساڵانه‌دا که گه‌رمه‌ی شه‌ڕی ئێران و ئێراق بوو و ئێمه به ئه‌ڵڵاهووئه‌کبه‌ر موسه‌لله‌ح بووین! خوێندکاری ناوه‌ندی بووم و هه‌موو به‌یانییه‌ک پێیان ئه‌خوێندین: بر صف مشرکان حمله می بریم! مشتیان پێ گرێ ئه‌کردین: انجز انجز انجز وعده / نصر نصر نصر عبده! پاش سی و ئه‌ونه ساڵ هێشتا نازانم یانێ چی و چیمان له‌به‌ر کردبوو! 
ڕێک له‌و ساڵانه‌دا، هه‌موو ڕۆژێ چه‌ن‌جار له “قه‌ڵاجێ” و له ڕێی مه‌دره‌سه و نانه‌واخانه‌دا، “حه‌یات”م چاو پێئه‌که‌وت! هاوته‌مه‌ن و هاوقه‌د بووین! ئێمه‌ هه‌موومان تووشی ده‌ردێکی هاوبه‌ش بووین:
که‌سانێک هه‌ن پێش له‌دایک‌بوونیان، مردوون! بۆچی ڕێگه‌ی دوور بچین! خۆم! ئێوه! “حه‌یات”!
شه‌ڕ ته‌واو بوو! گه‌ڕاینه‌وه ناو “شار”! خه‌ڵک بێ‌هیوا و بێ‌به‌رنامه! تووڕه و لاسار! پیاوی زه‌به‌للاحی سمێڵ‌‌قیتی برۆپانی مێشک‌ڕزیوی عه‌شیره‌سیفه‌تی پانتۆڵ‌پانی ده‌نگ‌زلی نابار، ته‌نیا سه‌رگه‌رمییان تووڕه‌کردن و ئازاری “حه‌یات” بوو! ” حه‌یات! که‌ریم مردووه!”! وه ئه‌مه به‌س بوو بۆ گڕگرتنی “حه‌یات”!
شه‌ڕ ته‌واو بوو به‌ڵام داماوییه‌کانی ئێمه هه‌ر له شوێنی خۆیدا مابوون و ماسیبوون و بۆگه‌نیان کردبوو!
ئێمه و “حه‌یات” گه‌وره‌تر بووین! گه‌وره‌تر لێره‌دا یانێ پیرتر! داماوتر! داته‌کاوتر و پلیشاوتر! ئه‌و ون بوو و ئێمه هه‌ر خۆمان ئه‌خڵه‌تاند و ئه‌نه‌هوو ماوین و نیشانمان هه‌یه! به‌ڵام درۆیه! مردبووین!
دوای زۆرجار بیستنی هه‌واڵی ده‌ربازبوونی “حه‌یات” له‌م دونیا پڕنه‌هامه‌تییه، ئاخری په‌ڕه‌کاغه‌زی ڕاگه‌یاندنی فه‌وتی حه‌یاتم بینی!
“حیات میرزائی” فرزند “محمدرشید میرزائی” به دیار حق شتافت!
تا خۆیشم بێ “دیارێ حه‌ق” بێشتابه‌م، نازانم چه‌نێکی ماوه و کێ دوای خۆم شتێکی وام بۆ ئه‌نووسێ!؟ به‌ڵام به باشی ئه‌زانم که زۆرساڵه مردووم و ئه‌مه وڕاو‌ه‌ی نێوان مان و نه‌مانه! یادت به‌خێر “حه‌یات”…

Posted in خۆمانه, کۆمه‌ڵگا | Comments (0)